جێبەجێکرانی سزای سێدارەی موژگان ئازەرپیشە و کەوسەر باقرنژاد، دوو بەندکراوی ژن لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە

٢٦ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١٤:١٨

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی ژنی تورک بەناوەکانی موژگان ئازەرپیشە و کەوسەر باقرنژاد کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە دوو دۆسیەی جیاوازدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٦ی مارسی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی موژگان ئازەرپیشە تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی ئورمیە، و کەوسەر باقرنژاد تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی نەغەدە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە (بەندیخانەی دەریا) جێبەجێ کرا.

هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی گواستنەوەی ئەو دوو بەندکراوەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان ڕاگەیاندبوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، موژگان ئازەرپیشە شەش ساڵ پێشتر و کەوسەر باقرنژاد چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە دوو دۆسیەی جیاوازدا دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو دوو بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا لانی کەم ٣٠ بەندکراوی ژن لەسێدارە درابوون کە ٩ کەسیان لە هاووڵاتییانی تورک بوون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە