بەندیخانەی نەغەدە؛ ئەیووب دەماوەندی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
ئەیووب دەماوەندی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار و بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای پێنج ساڵ و پازدە ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا ئەیووب دەماوەندی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "دێلزێ"ی سەر بە شاری پیرانشار کە چوار مانگی ڕابردووی بە بەندکراوی تێپەڕ کردووە، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر دووستی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای ٥ ساڵ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەیووب دەماوەندی پێشتر لە ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ماڵەکەی و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرابوو.
ئەو هاووڵاتییە لە ئاکامدا دوای یەک مانگ دەستبەسەرکران و لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیەوە لە ڕێکەوتی ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤) بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.
شایانی باسە کە، ئەیووب دەماوەندی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە هەتا ئێستا مافی مەرەخەسیی پێنەدراوە.