بەندیخانەی مەهاباد؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران، ئەشکەنجەدان و سەپاندنی سزای دە ساڵ بەندکران بەسەر ناسح لاهیجانی

٥ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١٣:١٨

 

هەنگاو؛ شەممە ۵ی ڕەزبەری ۲۷۲۵

ناسح لاهیجانی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری پیرانشار دوای تێپەڕاندنی دە مانگ دەستبەسەربوون و ئەشکەنجەی سەخت، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای دە ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو تۆمەتبارە سیاسییە کە ئەندامی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نووە، ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد ڕاگیراوە و چارەنووسی نادیارە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ناسح لاهیجانی، خەڵکی گوندی «هەمزاوا»ی سەر بە شاری پیرانشار و بەندکراوی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد سزای ۱۰ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەڵگەی دەزگای دادوەری بۆ تۆمەتی ناسح لاهیجانی «ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ماوەی چوار ساڵ» لە هەرێمی کوردستان بووە.

ناسح لاهیجانی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

ئەو تۆمەتبارە سیاسییە لە ماوەی زیاتر لە دە مانگ دەستبەسەربوونیدا لەژێر ئەشکەنجەی سەختی دەروونی و جەستەیی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێدا بووە.

ناسح لاهیجانی و هاوژینەکەی، سەرەتای مانگی گەلاوێژی ۲۷۲۴، دوای گەڕانەوە لە شاری سلێمانی سەر بە هەرێمی کوردستان، دەستبەسەر کران. هاوژینی ناوبراو دوای دوو ڕۆژ ئازاد کرا و ناسح لاهیجانی دوای ماوەیەک بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە و ئێستا لەو بەندیخانەدا سزای بەندکرانەکەی خۆی تێپەڕ دەکات.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە