چوار مامۆستای خەڵکی دیواندەرە سزای دەرکران لە کار و دوورخستنەوەیان بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ دووشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
چوار مامۆستای کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە بەناوەکانی ئومێد شامحەممەدی، کاوە محەممەدزادە، پەرویز ئەحسەنی و هیوا قورەیشی لە ئەندامانی لقی دیواندەرەی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە لایەن دەستەی ڕاگەیشتن بە سەرپێچییەکانی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان سزای دوورخستنەوە و دەرکران لە ئیشیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، ئومێد شامحەممەدی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قورەیشی، سێ مامۆستای خەڵکی شاری دیواندەرە لە لایەن دەستەی ڕاگەیشتن بە سەرپێچییەکانی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لەسەر ئیشەکانیان دوور خرانەوە. هەروەها پەرویز ئەحسەنی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆ شاری قوروە دوور خراوەتەوە.
پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قورەیشی پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سنە بە تۆمەتی "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" لە ڕێگای ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە سەرۆکایەتیی دادوەر حوسێن سەعیدی هەر یەک سزای پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو، و ئومێد شامحەممەدی سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەو چوار مامۆستا ڕۆژی چوارشەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ هاوڕێ لەگەڵ مامۆستایەکی دیکە بە ناوی عوسمان ڕەزایی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە لێدان و پشکنینی تەواوەتیی ماڵەکانیان و بەکارهێنانی توندوتیژیی فیزیکی بەرانبەر بە هاوژینی دوو کەس لەو هاووڵاتییانە دەستبەسەر کرابوون.
عوسمان ڕەزایی ڕۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردانی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو و ئەو چوار هاووڵاتییەی دیکە دوای ٧٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ڕێکەوتی ٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٣٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی یەک ملیار و نیوی بە شێوەی مەرجدار و کاتی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرابوون.
شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییانە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەش بوون.