جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراو بریتی لە بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم

٢٠ سەرماوەز ٢٧٢٤، ١٦:٣٨

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان بە ناوی عەبدولمەهدی ڕاشدئەمیری و دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی سەعید موتیع و ئەسغەر ڕەمەزانی لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی بە ئەنقەستەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی سەعید موتیع، تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی قوم، عەبدولمەهدی ڕاشدئەمیری تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی مەزارشەریفی سەر بە وڵاتی ئەفغانستان و ئەسغەر ڕەمەزانی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی ماهدەشتی کەرەج لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم جێبەجێ کرا.

سەعید موتیع، بۆ ماوەی ٧ ساڵ هەڵاتبوو بۆ تورکیا و ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

شایانی باسە کە، سەعید موتیع هاودۆسیەیی ناسر عەتارۆد بووە کە لە ڕێکەوتی ٢٥ی بانەمەڕ لە بەندیخانەی ناوەندیی قۆم لەسێدارە درابوو و هەواڵی لەسیدارەدرانەکەی لە لایەن ڕێکخراوی هەنگاو میدیایی کرابۆوە.

هەروەها عەبدولمەهدی ڕاشدئەمیری لە سێ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەسغەر ڕەمەزانی، دوو ساڵ پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و ڕاگرتنی دوو چەکی گەرم دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە