سنە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و نادیاریی چارەنووسی ڕەزا ساعد مووچشی
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
ڕەزا ساعد مووچشی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ناوچەی مووژ سەر بە شاری کامێران و دانیشتووی سنە لە سێ حەوتوو پێشەوە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە و تا ئێستاش زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە تێپەڕبوونی ٢١ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ڕەزا ساعد مووچشی، هاووڵاتیی ٣٧ساڵەی دانیشتووی شاری سنە تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٢١ی نۆڤەمبەری٢٠٢٤)، لە کاتی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بە جلی ئاساییەوە بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
شایەنی باسە کە، بەدواداچوونی بنەماڵەی ڕەزا ساعد موچشی بۆ ئاگاداری لە چارەنووسی بێ ئاکام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەکان لە وەڵامدانەوە سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو خۆ دەبوێرن.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکرانی، تۆمەتە هەڵبەستراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.