شنۆ؛ ئیدریس کارساز بەمەبەستی جێبجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانە گواسترایەوە
هەنگاو؛ دووشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
ئیدریس کارساز، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری شنۆ و لە ئەندامانی ڕێکخراوی خێرخوازیی ئەم شارە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێ ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، ئیدریس کارساز، تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی شنۆ بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.
ناوبراو ڕەزبەری ئەمساڵ لە لایەن دادگای شۆڕشی شنۆ بە تۆمەتی "ئەندامییەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەر سەپێندرا و ئەم سزایە بە فەرمیی بە ناوبراو ڕاگەیێندرابوو.
ئیدریس کارساز ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕ (٣ی جولای) لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی ناوبراو و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترابوویەوە.
ناوبراو لە کۆتاییدا دوای ٤٧ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆنی و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد کرا.
شایانی باسە کە، ئیدریس کارساز لە ماوەی ٤٢ ڕۆژی دەستبەسەرکرانەکەی لە گرتنگەی ئورمیە لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و ناوەندە ئەمنییەکان لە پێدانی زانیاری لەسەر چارەنووس و دۆخی ئەم هاووڵاتییە بە بنەماڵەکەی خۆیان پاراستووە.