بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج؛ گواستنەوەی سامان محەممەدی خەیارە، بەندکراوی سیاسیی کورد بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی
هەنگاو؛ شەممە ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
سامان محەممەدی خەیارە، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی سنە کە پێشتر بە تۆمەتی "موحاربە" لە ڕێگای «ئەندامێتی لە گرووپە دژە شۆڕشەکان» لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترایەوە و بنەماڵەکەی بۆ دوایین چاوپێکەوتن بانگ کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، سامان محەممەدی خەیارە، بەندکراوی تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی سنە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لە پارێزگای ئەلبۆرز گواسترایەوە. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا تەنیا ١٩ ساڵی تەمەن بووە و لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا لە مافی مەرەخەسی بێبەش بووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی سامان محەممەدی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە کە: "ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی محەممەدی ئەمڕۆ بەمەبەستی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ سامان ڕۆیشتوونەتە کەرەج و بڕیار وایە سزای سێدارەکەی لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا جێبەجێ بکرێت."
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، سامان محەممەدی ١٥ ساڵ پێشتر لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و دواتر لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبولقاسم سەلەواتی" بە تۆمەتی"موحاربە" و"ئەندامێتی لە گرووپە دژەشۆڕشە ترۆریستییە پەیوەندارەکان بە سرویسی زانیاریی بێگانەکان"ەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
شایانی باسە کە سامان محەممەدی لە ڕۆژانی دەستبەسەربوونی و لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراوی خۆی بێبەش بووە.
یەک لە نەزدیکانی ئەو بەندکراوە سیاسییە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە: "سامان لەحاڵێکدا بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە کە ساڵی ڕابردوو سزای سێدارەکەی هەڵوەشێندرابۆوە و سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و بڕیار بووە کە هاوکات لەگەڵ شەوی یەڵدای ئەمساڵ لە بەندیخانە ئازاد بکرێت."
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سامان محەممەدی خەیارە لە ماوەی ڕۆژانی دەستبەسەربوونیدا بەسەختی ئەشکەنجە دراوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی دژ بە خۆی لەسەر کوشتنی خەلیفە ئیبراهیم فەرهادی لە شاری قوروە و هێزێکی نیزامی لە شاری سنە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٧٠٩ کە بە "بزووتنەوەی سەوز" ناسرابوو، کراوە.
ماڵپەڕە حکومەتییەکان پێشتر هەواڵی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ژمارەیەک لە ئەندامانی گرووپێکیان ڕاگەیاندبوو کە دوو کەس لە هێزە ئینتزامییەکان، مەلا بورهان، پێش نوێژی کاتیی شاری سنە و پێش نوێژی مزگەوتی قوبای ئەو شارە، محەممەد شێخولئیسلام، نوێنەری خەڵکی سنە لە پەرلەمانی شارەزایانی ڕێبەری و ئیبراهیم فەرهادی لە شاری قوروەیان کوشتووە.