ڕاگەیندراوی هەنگاو سەبارەت بە سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر پژمان سوڵتانی
![](/content/upload/1/root/pezhman-sultani.jpg)
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەپاندنی سزای سێدارە بۆ سەر پژمان سوڵتانی، چالاکی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە شاری بۆکان بە توندی مەحکووم دەکات و داوا لە کۆمەڵگای مەدەنیی ئێران و کوردستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە دەنگی ئەم بەندکراوە سیاسییەی مەحکووم بە سێدارە بن.
پژمان سوڵتانی، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی بۆکان، یەکێک لە ناڕازیانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» کە بە بێ دەستپێڕاگەیشتن بە هیچ ئاستێک لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە و تەنانەت بە بێ لەبەرچاوگرتنی کەمترین یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی، لەئەنجامی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان، لەوانە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
پژمان سوڵتانی بە بێ دادگاییکردن و پێوەرەکانی دادگاییەکی دادپەروەرانە، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی برسەردا سەپێندراوە. ئەم سزایە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی مافی مرۆڤ و بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی ئێرانە. هەر بۆیە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەرەڕای ئەوەی کە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزا دەرچووە لە لایەن دادگای تاوانەکانی تایبەت بە لاوانی ئورمیە دەکات، داوای بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی دووبارەی ناوبراو لە دادگایەکی دادپەروەرانە دەکات.
بە پێی بەدواداچوونی ئاماری و لێکۆڵینی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێدارە لە ئێران، بە تایبەت لە دۆسیە سیاسییەکان و تەنانەت لە پەیوەندی لەگەڵ تاوانە گشتییەکان، ئامرازێک بۆ سەرکوت و دروستکردنی ترسە. مافی ژیان، سەرەتاییترین مافی مرۆڤە و هیچ حکوومەتێک بۆی نییە لەو سزایە وەکوو کەرەستەیەک بۆ کوژاندنەوەی دەنگی ناڕازیان و سەرکوتی کۆمەڵگا کەڵکی لێ وەرگرێ.
پژمان سوڵتانی ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٥ی ئاپریلی ٢٧٢٣) لە شوێنی کارەکەی لە بۆکان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گواسترایەوە. ناوبراو بۆ ماوەی چوار مانگ لە ژووری تاکەکسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە ژێر سەخترین ئەشکەنجەکاندا بووە و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی بووە.
شایانی باسە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانەکەیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و تەنانەت مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی بێبەش بووە.