بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج؛ مەترسی جیدی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سامان محەممەدی خەیارە، بەندکراوی سیاسیی کورد
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سامان محەممەدی خیارە تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و ئەم بەندکراوە و سیاسییە کوردەی خەڵکی سنە، لە ژێر مەترسی جیدی جێبەجێکرانی سزای سێدارە دایە. دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بێ ئاگاداری پێشوو و نهێنیکاری کە پرۆسەی دادڕەسی، تا ئێستا بنەماڵەکەی لە ڕەتکردنەوەی داواکاریی دووبارە دادگاییکردنەکە ئاگادار نەکراونەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەگەری جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سامان محەممەدی خیارە، بەندکراوی سیاسی تەمەن ٣٤ ساڵ لە سەر لەبەیانی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، زۆر جیدییە.
هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی لەسەر ئەگەری جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سامان محەممەدی خەیارە، داوای سەرنجی زیاتر لەلایەن ڕێکخراوە جیهانییەکان بۆ پێشگرتن لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە دەکات.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، باوک و دایکی سامان محەممەدی خیارە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دوایین هەوڵەکانیان بەمەبەستی ڕاگرتنی جێبەجەکرانی سزای سێدارەی منداڵەکەیان بۆ ناوەندە دادوەرییەکان لە تاران سەردانیان کردووە؛ بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکام ماوتەوە.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوای وەرگرتنی داواکاری دووبارە دادگاییکردن و هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە، لە هەرجۆرە وڵام دانەوە بە بنەماڵە و خودی سامان محەممەدی خیارە، خۆیان پاراستووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە کاتی گواستنەوەی ناوبراو بۆ ژووری تاکەکەسی، پێیان ڕاگەیاندبوو کە ئەم داواکارییە، ڕەت کراوەتەوە.
سامان محەممەد خیارە ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، بەمەبستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج پارێزگاری ئەلبۆرز گواستراوەتەوە. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردن تەنیا ١٩ ساڵ تەمەنی بووە و لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوو لە مافی مورەخەسی بێبەش بووە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی محەممەدی لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند»:باوک و دایکی سامان لە ڕۆژی یەکشەممەوە ڕیشتوونەتە تاران و تا ئێستا نە هەوڵەکانیان بۆ ڕاگرتنی سزاکە بە ئاکام گەیشتووە و نە توانیویانە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ هەبێت. «
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، سامان محەممەدی ١٥ ساڵ پێشتر لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و دواتر لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبولقاسم سەلەواتی" بە تۆمەتی"موحاربە" و"ئەندامێتی لە گرووپە دژە شۆڕشە تیرۆریستییە پەیوەندیدارەکان بە سرویسی زانیاریی بێگانەکان"ەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
شایانی باسە کە سامان محەممەدی لە ڕۆژانی دەستبەسەربوونی و لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراوی خۆی بێبەش بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سامان محەممەدی خەیارە لە ماوەی ڕۆژانی دەستبەسەربوونیدا بەسەختی ئەشکەنجە دراوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی دژ بە خۆی لەسەر کوشتنی خەلیفە ئیبراهیم فەرهادی لە شاری قوروە و هێزێکی نیزامی لە شاری سنە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٧٠٩ کە بە "بزووتنەوەی سەوز" ناسرابوو، کراوە.
ماڵپەڕە حکومەتییەکان پێشتر هەواڵی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ژمارەیەک لە ئەندامانی گرووپێکیان ڕاگەیاندبوو کە دوو کەس لە هێزە ئینتزامییەکان، مەلا بورهان، پێش نوێژی کاتیی شاری سنە و پێش نوێژی مزگەوتی قوبای ئەو شارە، محەممەد شێخولئیسلام، نوێنەری خەڵکی سنە لە پەرلەمانی شارەزایانی ڕێبەری و ئیبراهیم فەرهادی لە شاری قوروەیان کوشتووە.