ئاشکرابوونی ناسناوی بەندکراوێکی لەسێدارەدراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی سەلاح ڕەحیمی، خەڵکی شاری سنە کە پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد جێبەجێ کرا. هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە شەش بەندکراوی دیکە لەوانە پێنج بەندکراوی بەلووچ، و ژنێک لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد جێبەجێ کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لەبەیانی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی سەلاح ڕەحیمی، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی گوندی "مەلەکشا"ی سەر بە سنە لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد جێبەجێ کراوە.
ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
سەلاح ڕەحیمی خێزاندار و باوکی سێ منداڵ بووە و هەروەها ئەرکی بەخێوکردنی دایکی کە خاوەن پێداویستیی تایبەت بووە، بە ئەستۆ بووە.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، هاوکات سزای سێدارەی دوو برای بەندکراو بە ناوەکانی محەممەدعەلی خارکووهی، تەمەن ٣٦ ساڵ و منداڵی هەبووە و ڕەزا خارکووهی، تەمەن ٤٣ ساڵ و باوکی ٤ منداڵ، کە هەردووکیان خەڵکی زاهیدانن، عەبدولباست تووتازەهی، تەمەن ٣٨ ساڵ و باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی گەراغە نوسرەتاوای زاهیدان، عەبدولناسر تووتازەهی، تەمەن ٣٨ ساڵ و باوکی ٨ منداڵ و خەڵکی گوندی چا ڕەحمان نوسرەتاوای زاهیدان و نعمەتوڵڵا تووتازەهی، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی زاهیدان، هەروەها بەندکراوێکی ژن لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد جێبەجێ کرا.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەێندراوە.