مەهاباد؛ ژمارەی دەستبەسەرکراونی مەهاباد گەیشتە ٧ کەس

٢٥ سەرماوەز ٢٧٢٤، ٢٠:٢٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

لانی کەم ٧ هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی سیامەند سەیدئەحمەدی، قادر خەرامانفەر، کەمال مەسعوودی، جەلال سەدەفی، یووسف قاڵ، ئارام مەبزوولە و زانیار سەیدئەحمەدی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢ی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، یووسف قاڵ، ئارام مەبزوولە، زانیار سەیدئەحمەدی و سیامەند سەیدئەحمەدی چوار گەنجی خەڵکی گوندی بەیرەمی سەر بە شاری مەهاباد لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای ئەم شارە بۆ سەر ماڵەکانیان و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

هاوکات، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بە هێرشکردن بۆ سەر ماڵی سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی قادر خەرامانفەر، کەمال مەسعوودی و جەلال سەدەفی ئەو سێ کەسەیان دەستبەسەرکردووە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە دەستبەسەرکردنی ئەم حەوت هاووڵاتییە کوردە بە بەکارهێنانی توندوتیژی بووە و هێزە ئەمنییەکان سەرەڕای پشکنینی ماڵی ئەم هاووڵاتییانە، هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ناوبراوانیان داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم حەوت هاووڵاتییە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە ئورمیە گواستراونەتەوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودۆخی ناوبراوان تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراوان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە