بەندیخانەی ئیلام؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراو کە دوو کەسیان ژنن
هەنگاو؛ سێشەممە ١٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
سزای لەسێدارەدانی لانی کەم سێ بەندکراوی کورد لەوانە دوو ژن کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا. ناوی یەکێک لەم بەندکراوانە حەسەن حەسەن بەیگی ئاشکرا بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لەبەیانی سێشەممە ١٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی پیاوێک بە ناوی حەسەن حەسەن بەیگی خەڵکی سەروای کارزانی سەر بە شاری شیروان و چەرەداول و دوو ژن کە ناسناویان نادیارە و بە دواداچوونی بۆ دەکرێت، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، ئەم سێ بەندکراوە پێشتر و لە دۆسیەی جیاوازدا لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم سێ بەندکراوە، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت لە میدیا نزیکەکانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.