بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدراوانی بەندیخانەی ئیلام بۆ ٤ کەس کە دوانیان ژنن
هەنگاو؛ سێشەممە ١٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی لانی کەم چوار بەندکراوی کورد لەوانە دوو ژن کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا. ناوی ئەم بەندکراوانە فەریدە جەعفەرزادە، عەلیە کاوری زادە، حەسەن حەسەن بەیگی و عەبدولوەهاب باباخانیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لەبەیانی سێشەممە ١٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی دوو ژن بە ناوەکانی فەریدە جەعفەرزادە خەڵکی ئیلام و عەلیە کاوری زادە خەڵکی دێلۆران لەگەڵ حەسەن حەسەن بەیگی خەڵکی سەراوی کارزان و عەبدولوەهاب باباخانیان خەڵکی بەدرە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کراوە.
هەنگاو لە ڕاپۆرتەکانی پێشووتر باسی لە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی پیاوێک و دوو ژن کردبوو کە بە ئاشکرابوونی ناوی عەبدولوەهاب باباخانیان تەمەن ٦٠ ساڵ ژمارەی لەسێدارەدراوان گەیشتە چوار کەس.
ئەم چوار بەندکراوە پێشتر و لە دۆسیەی جیاوازدا لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. عەلیە کاوری زادە تەمەن ٦٠ ساڵ بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم چوار هاووڵاتییە، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.