ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی نالەباری منداڵەکەی سوعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسی کورد

٢٦ سەرماوەز ٢٧٢٤، ١٥:٤٥

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

هەفتەی ڕابردوو بارودۆخی تەندروستیی ئاڵا (سۆلینا) منداڵە دوو ساڵ و پێنج مانگانەکەی سوعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسی کورد، تێک چووە و تا ئێستا بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە هیچ هەوڵێکیان بۆ پێڕاگەیشتنی پزیشکی ئەم منداڵە ئەنجام نەداوە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوو، بارودۆخی تەندروستی ئاڵا منداڵەکەی سوعدا خەدیرزادە تێک چووە و ئەم بابەتەش لەسەر تێکچوونی باری دەروونی دایکی کاریگەری هەبووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار سەرەرای تێکچوونی باری تەندروستی ئەم دایک و منداڵە، بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە تا ئێستا هیچ هەوڵێکیان بۆ پێڕاگەیشتنی پزیشکییان لە دەرەوەی بەندیخانە و تەنانەت نێو بەندیخانە ئەنجام نەداوە،.

سوعدا خەدیرزادە ماوەی سێ ساڵ و ٢ مانگ و ٤ ڕۆژە لە بەندیخانەیە و، زیاتر لە یەک لەسەر چواری ماوەی بەندکرانەکەی کە ١٢ ساڵەی تێپەر کردووە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، خەرمانانی ئەمساڵ ڕایگەیاند کە کچی ئەم بەندکراوە، بە هۆی بارودۆخی نا تەندروستی نێو بەندیخانە، نەبوونی سیستەمی ئاڵوگۆڕی هەوا و گەرمای لەڕادەبەر و نەبوونی فێنک کەرەوە تووشی هەستیاری پێستی بووە و بەرپرسانی بەندیخانە ڕێگریان لە ناردنی بۆ دەرەوەی بەندیخانە بە مەبەستی پێراگەیشتنی پزیشکی کردووە.

سوعدا خەدیرزادە یەک جار لە ماوەی بەندکرانەکەی هاتووە مەرەخەسی کە ڕێگەی ئورمیە بۆ پیرانشار پێش گەیشتنی بۆ ماڵی خزمەکانی، لەلایەن ئیتلاعات پیرانشارەوە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ژنانی ئورمیە گوازرایەوە.

سوعدا خەدیرزادە پێشتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی ١ی مەهاباد، بە تۆمەتی "هاوکاریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران و ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"، سزای ١٢ ساڵ و ۶ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو سزایە ڕۆژی شەممە ١۵ی خەرمانانی ٢٧٢٢، بە شێوەی فەرمی بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندرا.

ناوبراو کە لانی کەم جارێک لە بەندیخانەدا لە خۆکوشتن ڕزگاری بووە، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٢، لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئورمیە بە نەشتەرگەریی سزاریەن منداڵی بوو و دوای ڕۆژێک بەبێ تێپەڕاندنی ماوەی دەرمان و چارەسەریی پێویست، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گەڕێندرایەوە.

سوعدا خەدیرزادە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەزی ٢٧٢٠، لە شاری پیرانشار لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترابوویەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە