ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئەردکانی یەزد
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
نزیکەی دوو هەفتە لەمەوپێش سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد و خەڵکی شاری کرماشان بە ناوەکانی سیاوەش یاری و محەممەد عەلی دەرەکە کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردکانی پارێزگای یەزد جێبەجێکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٢٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی محەممەد عەلی دەرەکە تەمەن ٥٤ ساڵ و خەڵکی ماهیدەشتی کرماشان و سیاوەش یاری تەمەن ٦٧ ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان لە بەندیخانەی ئەردکانی یەزد جێبەجێکرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، ئەم دوو بەندکراوە خەرمانانی ٢٧٢٤ لە ئەردکان دەستبەسەر و لە دۆسیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە (گواستنەوەی مۆرفین) لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە، تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکومەتییەکان و بەتایبەتی میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.