بە دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی دیکە لە مەهاباد ژمارەی دەستبەسەرکراوان گەیشتە ١٢ کەس
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
دوو هاووڵاتیی کوردی دیکەی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی ڕەحمان دانا و سالار شەمسی بورهان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران. ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەم شارە گەیشتە ١٢ کەس.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی شەممە ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، ڕەحمان دانا و سالار شەمسی بورهان خەڵکی گوندی کولیجەی سەر بە مەهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەم شارە دەستبەسەر کران.
هەروەها سەر لەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی سەرماوەز (١٥ دیسەمبەر)، دوو برا بە ناوەکانی ڕێبوار ڕەسووڵی و ئەیووب ڕەسووڵی، خەڵکی مەهاباد، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەم شارە دەستبەسەر کران. هاوکات، ئەم هێزانە بە هێرشکردن بۆ سەر ماڵی بنەماڵەیی عوسمان (شوانە) جەهانیفەر ناوبراویان بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کردووە.
پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە، یووسف قاڵ، ئارام مەبزوولە، زانیار سەید ئەحمەدی و سیامەند سەید ئەحمەدی، چوار لاوی خەڵکی گوندی بەیرەمی سەر بە مەهاباد و قادر خەرامانفەر، کەمال مەسعوودی و جەلال سەدەفی لەم شارە دەستبەسەر کراون.
لەم ڕاپۆرتەدا بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕاگەیێندرابوو کە دەستبەسەرکردنی ئەم هەفت هاووڵاتییە کوردە بە بەکارهێنانی توندوتیژی بووە و هێزە ئەمنییەکان سەرەڕای پشکنینی ماڵی ئەم هاووڵاتییانە، هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی تاکەکسی ناوبراوانیان داوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ١٢ هاووڵاتییە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە ئورمیە گواستراونەتەوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودۆخی ناوبراوان، تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراوان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.