شنۆ؛ دەستبەسەرکردنی نەجمەدین ئەلیاسی لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە
٢٩ سەرماوەز ٢٧٢٥، ٢٢:٣٦
هەنگاو؛ شەممە ٢٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
نەجمەدین ئەلیاسی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی هەینی ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، نەجمەدین ئەلیاسی، خەڵکی گوندی "ئاسناوی" سەر بە شنۆ، دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، نەجمەدین ئەلیاسی دوای دەستبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە وتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاریی ورد سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتە ئاراستەکراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.
سەرچاوە: Hengaw