سنە؛ دەستبەسەرکردنی باوک و برای چیاکۆ یووسفی‌نژاد، چالاکی ژینگەپارێزی گیانبەختکردوو

١ بەفرانبار ٢٧٢٥، ١٦:٥٦

هەنگاو؛ دووشەممە ١ی بەفرانباری ٢٧٢٥

لە درێژەی گوشاری ناوەندە حکوومییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و بنەماڵە دادخوازەکان، عادڵ یووسفی‌نژاد و ئاکۆ یووسفی‌نژاد، باوک و برای چیاکۆ یووسفی‌نژاد، دوای بانگکرانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر کران.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، عادڵ یووسفی‌نژاد تەمەن ٥٣ ساڵ و ئاکۆی کوڕی، باوک و برای چیاکۆ یووسفی‌نژاد، لە چالاکانی ژینگەیی و وەرزشوانانی گیانبەختکردووی سنە، دوای بانگکرانیان بۆ ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەم شارەدا دەستبەسەر کران.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەم دوو کەسە، دوێنێ لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بانگ کراون و لە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ و دوای سەردانیان بۆ ئیتلاعاتی سوپا، دەستبەسەر کراون.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، زانیاریی ورد سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتە ئاراستەکراوەکان دژیان لە بەردەستدا نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێدەچێت هۆکاری بانگکردنیان پەیوەندیی بە بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی هەینیی چالاکانی ژینگەیی شاری سنە هەبێت کە لەژێر ناوی "کەمپەینی زاگرۆسانە"دا بەڕێوە چوو.

چیاکۆ یووسفی‌نژاد، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٢٧ی جۆڵای ٢٠٢٥)، چالاکی ژینگەیی و وەرزشوانی خەڵکی سنە، دوای چوار ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاودێریی چڕی (ICU) نەخۆشخانەی کەوسەری ئەم شارە گیانی لەدەست دا. ناوبراو لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە بەرزاییەکانی کێوی ئاوییەردا، تووشی سووتانی توند بوبوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە