ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی لاکانی ڕەشت
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی مووسا بەخشی خەڵکی ئەسەدئاباد و فەرزاد ڕەشیدی خەڵکی کرماشان کۆتایییەکانی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لە بەندیخانەی لاکانی ڕەشت جێبەجێ کراوە کە هەواڵی لەسێدارەدرانیان تا ئێستا میدیایی نەکراوەتەوە. هەنگاو پێشتر هەواڵی لەسێدارەدرانی سێ بەندکراوی لەو بەندیخانە ڕاگەیاندبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی مووسا بەخشی تەمەن ٣٣ ساڵ، خەڵکی شاری ئەسەدئابادی هەمەدان و فەرزاد ڕەشیدی تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی کرماشان لە بەندیخانەی لاکانی ڕەشت جێبەجێ کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی هەنگاو، ئەو دوو بەندکراوە پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ڕەشت و لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەنگاو پێشتر هەواڵی لەسێدارەدرانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی مستەفا ئەمانی و نەسروڵڵا پیراستە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ئارمان عەتایی بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانی لە هەمان ڕێکەوت لە بەندیخانەی لاکانی ڕەشت ڕاگەیاندبوو کە بە هەژمارهێنانی ئەو دوو حاڵەتە ژمارەی لەسێدارەدراوان لەو ڕۆژەدا پێنج کەس بووە.