دەستبەسەرکرانی عەبدوڵڵا قوە لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیانی کورد لە شاری مەهاباد

٢٨ سەرماوەز ٢٧٢٤، ١٨:٣٤

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی ئەم دواییانەی هاووڵاتیانی کورد لە شاری مەهاباد هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی عەبدوڵڵا قوە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لەم شارە دەستبەسەرکرا و ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەم شارە گەیشتە ١٣ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی دووشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٤) عەبدوڵڵا قوە تەمەن ٤٠ ساڵە و خەڵکی گوندی "کۆڵیجە"ی مەهاباد لەلایەن هێزی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرا.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراوەکان لە ناوەندیی ئامار بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ١٣ هاووڵاتی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە تاوەکوو ئێستا ناسنامەی ١٣ کەسیان بۆ هەنگاو نێردراوە کە بەم شێوەی خوارەوەیە؛

١- عەبدوڵڵا قوە، ٢- ڕەحمان دانا، ٣- سالار شەمسی بورهان، ٤- ڕێبوار ڕەسووڵی، ٥- ئەیووب ڕەسووڵی، ٦- عوسمان (شوانە) جەهانی فەر، ٧- یووسف قالە، ٨- ئارام مەبزولا، ٩- زانیار سەیدئەحمەدی، ١٠- سیامەند سەیدئەحمەدی، ١١- قادر خەرامان فەر، ١٢- کەماڵ مەسعوودی، ١٣ - جەلال سەدەفی

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ١٣ هاووڵاتییە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری ئورمییە گواستراونەوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووس و دۆخیان تاکوو ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوە.

تاکوو داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان و شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتیانە لەبەر دەست نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە