کەرەج؛ کوژرانی کاسبکارێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
کاسبکارێکی کوردی تەمەن ٤٠ساڵ و خەڵکی شاری کامیاران کە ناسناوەکەی دەماوەند کەمانگەر، پشتڕاست کراوەتەوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای کەرەج کوژرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی ٢٧ی سەماوەزی ٢٧٢٤ (١٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، دەماوەند کەمانگەر، باوکی دوو منداڵ بە هۆی برینداربوونی کە هۆکارەکەی تەقەی هێزەکانی حکومەت بووە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران گیانی لەدەستدا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەماوەند کەمانگەر، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەز بە تۆمەتی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ، لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە تەقەی لێ کراوە.
شایەنی باسە کە، ئەو کاسبکارە کوردە دوای بریندار بوونێکی قووڵ و بەرکەوتنی سێ فیشەکی جەنگی، چووەتە کۆما و بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران گواستراوەتەوە.