گواستنەوەی یووسف حاجی‌خۆش، لە ئەندامانی شوورای ناوەندی و دەستەی بەڕێوەبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە

٢٨ سەرماوەز ٢٧٢٤، ٢٢:٣٦

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

یووسف حاجی‌خۆش، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ و ئەندامی شوورای ناوەندی و دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەی یەکگرتووی کورد کە لەم دواییانەدا بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێ ساڵ و چوار مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرابوو و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترابۆوە، بەمەبەستی تێپەڕکردنی باقی ماوەی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، یووسف حاجی‌خۆش، ئەندامی شوورای ناوەندی و دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەی یەکگرتووی کورد، خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا"ی سەر بە شاری شنۆ لە بەندیخانەی ئەو شارەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.

ئەو هاووڵاتییە لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی هاووڵاتییان لە کاتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردستان دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەنساری بە تۆمەتی "هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ٣ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

یووسف حاجی‌خۆش پێشتر لە ڕێکەوتی پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ و لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردستاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە گواسترایەوە.

ئەو هاووڵاتییە دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ گواسترایەوە و لە ئاکامدا ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە