جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێک لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی محەممەد شەمس، خەڵکی ئەسەداوای سەر بە پارێزگای هەمەدان کە پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان (بەندیخانەی ئەلوەند) جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی محەممەد شەمس، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی ئەسەداوا لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کرا.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی پەیوەندیدار بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.