دەستبەسەرکرانی چیا نەسروڵڵاهی لە مەهاباد، ژمارەی دەستبەسەرکراوان گەیشتە ١٥ کەس
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
بە ئاشکرابوونی ناسنامەی هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی دەستبەسەرکراو لە مەهاباد بە ناوی چیا نەسروڵڵاهی ژمارەی دەستبەسەرکراوانی هەفتەی ڕابردوو لەم شارە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گەیشتە ١٥ کەس.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی چیا نەسروڵڵاهی تەمەن ٣٨ ساڵ لە شوێنی کارەکەی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، چەند ماشین لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە گەمارۆی دووکانی چیا نەسروڵڵاهی کە لە گەڕەکی "بەری شیلان"ی مەهابادە بە بەکارهێنانی توندوتیژی هەوڵی دەستبەسەرکردنیان داوە و ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی چیا نەسروڵڵاهی لەبەر دەستدا نییە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا لانی کەم ١٥ هاووڵاتیی کورد لە شاری مەهاباد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون.