سەرپێڵی زەهاو؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی لانی کەم ٧ هاووڵاتیی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ هەینی ٣٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
لانی کەم حەوت هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو بریتی لە منداڵێک بە ناوەکانی خالید کەمەری، هێمن پاڵانی، ئومێد ساڵحی، ئەیمەن سەفایی، عیرفان مورادی، پەیام ڕەنجبەر و کۆمار ساڵحی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٧ هاووڵاتیی کورد لە شاری سەرپێڵی زەهاو بریتی لە منداڵێک بە ناوەکانی ئومێد ساڵحی تەمەن ١٧ ساڵ، ئەیمەن سەفایی تەمەن ٢١ ساڵ، کۆمار ساڵحی تەمەن ٢٣ ساڵ، هێمن پاڵانی تەمەن ٢٥ ساڵ، عیرفان مورادی تەمەن ٢٥ ساڵ، خالید کەمەری تەمەن ٢٧ ساڵ و پەیام ڕەنجبەر تەمەن ٢٧ ساڵ هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لەو بوارەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی هەنگاو، ئەو حەوت هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٤) لە ئەنجامی هەڵکوتانی هاوکاتی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکانیان بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراون.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە ئەو کەسانە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی کرماشان گواستراونەتەوە و زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان لەبەر دەستدا نییە.