دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٧ هاووڵاتیی کورد لەوانە منداڵێک لە شارەکانی کامێران، سنە، سیروان، ئیلام، کرماشان، بیجاڕ و تاران
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
حەوت هاووڵاتی بە ناوەکانی ڕاشد ئەڵڵابەخشی، کارۆ مینبەری، محەممەدحوسێن برالەک، سابیر کاکایی، پارسا هیممەتی، میهرداد داوودپوور و سەعید پیری لە شارەکانی کامێران، سنە، سیروان، ئیلام، کرماشان، بیجاڕ و تاران لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و لە بەردەوامیی دەستبەسەرکردنە بەربڵاوەکاندا، لانی کەم ٧ هاووڵاتیی کورد لەوانە منداڵێکی ١٥ ساڵان لە شارە جیاجیاکان دەستبەسەر کراون کە لیستی ناوەکانیان بەپێی ناوچەکان و ڕیزبەندیی کاتی بەم شێوەیەیە؛
کامێران، سنە و بیجار
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، ڕاشد ئەڵڵابەخشی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کامێران، لە کاتی هێرشی هێزە حکومەتییەکاندا بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٢ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، کارۆ مینبەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «نێی» سەر بە سنە، کاتژمێر ٨ی بەیانی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
میهرداد داوودپوور، هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵی کوردی خەڵکی بیجاڕ و ئەندازیاری کارەبا، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەو شارەدا، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
سیروان و ئیلام
ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، محەممەدحوسێن برالەک، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری «لۆمار»ی سەر بە بەشی ناوەندیی شارستانی سیروان لە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
لە ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباردا، سابیر کاکایی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی «کارزان»ی سەر بە ئیلام، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەو شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەردەست نییە.
کرماشان
ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥، پارسا هیممەتی، منداڵی تەمەن ١٥ ساڵ و هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەو شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
تاران
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥، سەعید پیری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئاودانان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ناوچەی حەوت حەوزی نارمەکی تاران لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی تاران گواستراوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتە وەرگیراوەکان، ئەم هاووڵاتییە لانی کەم ١٠ ڕۆژ لەژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەییدا بووە کە بووەتە هۆی شکانی ددانەکانی و پەراسوەکانی، و سەرەڕای خراپیی باری تەندروستی و برینداربوونی توند، هێشتا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بێبەش کراوە.