ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی لانی کەم ١٢ هاووڵاتیی کورد لەوانە دوو منداڵ لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، بیجاڕ، ئەراک، کەلات، شنۆ و میاندواو
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
لانی کەم ١٢ هاووڵاتیی کورد لەوانە دوو منداڵ بە ناوەکانی عەلی نامیزاد، سامان چراغی، سینا سەرکانی، شەهاب نادری، کاوە عابدی، ئەمیر ڕۆشندڵ، عەلیڕەزا ئێرانپوور، ئەحمەد نادرپوور، سدیق پەریزاد، دانا ڕەسووڵپوور، هەژار باریکی و مەهدی ئەنوەری لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، بیجاڕ، ئەراک، کەلات، شنۆ و میاندوئاو لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون یان لە دۆخێکی نادیاردا ڕاگیراون.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژان و هەفتەکانی ڕابردوودا و لە بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکردن و گوشار بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد، چەندین هاووڵاتی لە ناوچە جیاوازەکان دەستبەسەر کراون کە لیستی ناوەکانیان بەپێی جیاکردنەوەی ناوچەکان و کاتی دەستبەسەرکران (لە نوێوە بۆ کۆن) بەم شێوەیەیە:
ئیلام
عەلی نامیزاد، خەڵکی ئیلام و باوکی دوو منداڵ، ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، لە کاتی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم هاووڵاتییە کاسبکارێکی ناوخۆیییە کە سەرەڕای کێشەی تەندروستیی جیدی، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار کەوتووەتە ژێر گوشار و ئازاری هێزە سەرکوتکەرەکان. پێشتریش چالاکانی مەدەنی ڕێگرییان لە ڕووخاندنی ماڵەکەی لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە کردبوو.
سامان چراغی، خەڵکی چوار و دانیشتووی ئیلام، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە ئیلام دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا زانیاری لەسەر چارەنووسی لەبەردەست نییە.
بیجاڕ
سینا سرکانی، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی شارستانی بیجاڕ، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، بە دانانی بارمتەی ٥ ملیار تمەنی، تا کاتی کۆتایی هاتنی قۆناغە یاسایییەکان و بەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کرا. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە گواسترابووەوە.
کرماشان
شەهاب نادری، گەنجی تەمەن ٢٧ ساڵی کوردی خەڵکی گەڕەکی «دەرەدرێژ»ی کرماشان، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە؛ دوای هەشت ڕۆژ هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
ئەراک
کاوە عابدی، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی ئەراک، لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ماڵی باوکی لە ئەراک دەستبەسەر کراوە. ئەم هاووڵاتییە کە لە کاتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیشدا بۆ ماوەی سێ مانگ دەستبەسەر کرابوو، بەدەست نەخۆشیی (ڕۆپۆڵکۆتیس)ەوە دەناڵێنێت و دەستنەگەیشتنی بە دەرمان، تەندروستیی دەخاتە مەترسییەوە.
خۆراسانی ڕەزەوی (کەلات)
ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی ئەمیر ڕۆشندڵ، عەلیڕەزا ئێرانپوور، ئەحمەد نادرپوور و سدیق پەریزاد، خەڵکی گوندی (لایین)ی کەلات، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەست نییە.
شنۆ و میاندواو
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی دانا ڕەسووڵپوور و هەژار باریکی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بەبێ بڕیاری دادوەری ئەم دوو گەنجەیان دەستبەسەر کردووە.
مەهدی ئەنوەر، خەڵکی گوندی خانکەندیی سەر بە میاندوئاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە چوارڕێی ٢٤ مەتری و شەقامی تاڵەقانی ئەو شارە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە گواستراوەتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تۆمەتەکانی وەک «ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان» و «هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان» دراونەتە پاڵی. مەهدی ئەنوەر دوکاندارە و هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی ئەو، سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی سەعید و سالار ئیبراهیمزادە (برا) و فەرهاد دەوڵەتئابادی خەڵکی گوندەکانی خانکەندی و تۆپزاوای میاندوئاو دەستبەسەر کران. ئەم سێ کەسە دوای نزیکەی هەفتەیەک بە بارمتە ئازاد کراون، بەڵام مەهدی ئەنوەر هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی میاندوئاودایە.