سەرپێڵ زەهاو؛ بەرزبوونەوەی ژمارەی دەستبەسەرکراوان بۆ ٨ کەس
هەنگاو؛ شەممە ١ی بەفرانباری ٢٧٢٤
هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان، بە ناوی کاوە سوهرابی لە هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەرکراوە و تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەست نییە. ناوبراو لەگەڵ ٧ هاووڵاتی دیکە بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆست لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد دەستبەسەرکران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاوە سوهرابی تەمەن ٢٢ ساڵە و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو حەوت ڕۆژ لەمەوپێش دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی ناوبراو نادیارە.
کاوە سوهرابی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئیتلاعاتییەکانی سوپا بۆ ماڵەکەی بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا.
پێشتر هەنگاو لەسەر دەستبەسەرکرانی ٧ هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی ئومێد ساڵحی تەمەن ١٧ ساڵە، ئایمن سەفایی تەمەن ٢١ ساڵە، کۆمار ساڵحی تەمەن ٢٣ ساڵە، هێمن پاڵانی تەمەن ٢٥ ساڵە، عیرفان مورادی تەمەن ٢٥ ساڵە، خالید کەمەری تەمەن ٢٧ ساڵە و پەیام ڕەنجبەر تەمەن ٢٧ ساڵە، لە هەمان ڕۆژدا لە سەرپێڵ زەهاو بڵاوی کردبووەوە.
ئەم هاووڵاتییانە بە هۆکاری "بڵاوکردنەوەی نووسراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خۆشی دەربڕین بەهۆی ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد" دەستبەسەر کراون.
میدیای حکوومەتیی فارس بەبێ ئاماژە کردن بە ناسنامەی ئەم کەسانە، لە زاری داواکاری گشتیی سەرپێڵی زەهاو هەوڵی دەستبەسەرکرانی ئەندامانی گرووپێکی توندئاژۆی ئیسلامی بڵاو کردووەتەوە.
هەنگاو زانیویەتی کە ئەم کەسانە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری کرماشان گواستراونەوە و دۆخ و شوێنی ڕاگرتنیان نادیارە.