ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرانی هەشت هاووڵاتی لە شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و کرماشان
هەنگاو؛ هەینی ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٤
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد و سوننە مەزهەب لە کرماشان، لانی کەم هەشت هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بە ناوەکانی حامد ئەلیاسی، عومەر بابایی، محەممەد عەزیزی، ئارمین مورادی، محەممەد یووسفی، کۆمار نادری و یووسف نەیریزی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٦ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای کرماشان، لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارە سێ هاووڵاتیی سوننە مەزهەب و خەڵکی شاری سەرپێڵ زەهاو بە ناوەکانی محەممەد عەزیزی، محەممەد یووسفی و ئارمین موردایان دەستبەسەر کردووە.
هاوکات و لە شاری سەرپێڵی زەهاو، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بە هێرش کردن بۆ سەر ماڵی چەند هاووڵاتی لانی کەم پێنج هاووڵاتیی سوننە مەزهەب بە ناوەکانی حامد ئەلیاسی، یووسف ئەلیاسی، عومەر بابایی، کۆمار نادری و یووسف نەیریزییان بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کردووە.
هەنگاو زانیویەتی کە ئەم کەسانە بۆ دەستبەسەرگەکانی سوپای نەبی ئەکرەمی شاری کرماشان گواستراونەتەوە و لە ڕێگای پەیوەندیی کورتی تەلەفۆنی بنەماڵەکانیان لە دەستبەسەرکردنیان ئاگادار کردووتەوە.
لە مانگی دیسەمبەری ٢٠٢٤ لانی کەم ١٩ چالاکی سوننە مەزهەبی کورد و خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ، پاوە و سەرپێڵی زەهاو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە تەنیا یەکێکیان ئازاد کراوە.