سەرپێڵی زەهاو؛ بەرزبوونەوەی ژمارەی دەستبەسەرکراوان بۆ ١١ کەس
هەنگاو؛ دووشەممە ٣ی بەفرانباری ٢٧٢٤
سێ هاووڵاتی کوردی دیکە بە ناوەکانی دانا ئەحمەدی، پویا دڵجوو و یووسف ڕەنجبەر لە شاری سەرپێڵی زەهاوی پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران. ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەم شارە گەیشە ١١ کەس. ئەم سێ هاووڵاتییە لەگەڵ ٨ هاووڵاتی دیکە بە هۆکاری بڵاوکردنەوەی پۆست لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد دەستبەسەرکران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی ٢٥ی سەرماوزی ٢٧٢٤ (١٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، دانا ئەحمەدی، پویا دڵجوو و یووسف ڕەنجبەر، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە سەرپێڵی زەهاو دەستبەسەرکران.
هاوکات، کاوەی سۆرهرابی، ئومید ساڵحی تەمەن ١٧ ساڵ، ئەیمەن سەفایی تەمەن ٢١ ساڵ، کۆمار ساڵحی تەمەن ٢٣ ساڵ، هێمن پالانی تەمەن ٢٥ ساڵ، عرفان مورادی تەمەن ٢٥ ساڵ، خالید کەمەری تەمەن ٢٧ ساڵ و پەیام ڕەنجبەر تەمەن ٢٧ ساڵ لە هەمان ڕۆژدا لە ئەنجامی هێرشی هیزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بۆ ماڵەکەیان و بە بەکارهێنانی توندوتیژیەوە دەستبەسەر کرابوون.
ئەم هاووڵاتیانە بە هۆکاری "بڵاوکردنەوەی نوسراو لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و خۆشی دەربڕین بەهۆی رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد" دەستبەسەر کراون.
میدیای حکوومەتیی فارس بەبێ ئاماژە کردن بە ناسنامەی ئەم کەسانە، لە زاری داواکاری گشتیی سەرپێڵی زەهاو هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئەندامانی گرووپێکی توندئاژۆی ئیسلامی بڵاو کردۆتەوە.