ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی چوار بەندکراو لەوانە یەک ژن لە بەندیخانەی ناوەندیی ساری

٢ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٩:٠٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢ی بەفرانباری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی چوار بەندکراو لەوانە یەک ژن بە ناوەکانی عفەت حامیدی، یووسف ستاری، مەنوچێهر هیدایەتی و جەماڵ عەسگەرئابادی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ساری ناوەندی پارێزگای مازەندەران جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. هەنگاو پێشتر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی جەمال عەسگەرئابادی ڕاگەیاندبوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی عفەت حامیدی، نزیک تەمەن ٣٥ ساڵ و یووسف سەتاری، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی ساری، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری جێبەچێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عفەت حامیدی ٤ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو دوای دەستبەسەرکرانی دەرمانی خەمۆکی بەکار دەهێنا و دایکی کوڕێکی ٩ ساڵانە بوو.

هەروەها، یووسف سەتاری ٣ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی هاوڕێکەی بە هۆی ناکۆکی ماڵی دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هاوکات، سزای سێدارەت مەنوچێهر هیدایەتی، تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی بابۆل و جەمال عەسگەرئابادی، تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی شەریف ئاوایساری لە بەندیخانەی ناوەندیی ساری جێبەجێکراوە.

جەماڵ عەسگەرئابادی، پێشتر دەستبەسەر لە لایەن دەزگای دادوەری ئێران بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، و مەنوچێهر هیدایەتی ٣ ساڵ پێش دەستبەسەر و هەر بەم تۆمەتەوە بە سزای سێدارە مەحکووم کرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە