ڕاپۆرتێک لەسەر دۆخی ڕامیار محەممەدزادە لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢ی بەفرانباری ٢٧٢٤
ڕامیار محەممەد زادە هاووڵاتی کورد و تەمەن ١٩ ساڵە و خەڵکی شاری سەردەشت ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە تێپەڕ دەکات. ناوبراو ئەم ساڵ بە ٣٢ مانگ بەندکران سزا دراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕامیار محەممەد زادە لاوی تەمەن ١٩ ساڵە و دانیشتووی شاری پیرانشار، چوارەمین مانگی بەندکرانییەتی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە.
ڕامیار محەممەد زادە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" و "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ٣٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.
ئەم هاووڵاتییە دانیشتووی شاری پیرانشارە و یەکەم حەوتووی مانگی ڕەزبەری ئەم ساڵ، بۆ جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی، لە شاری پیرانشار دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە گواسترایەوە.
ڕامیار محەممەد زادە ڕۆژی دووشەممە ٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢٦ی مارسی ٢٠٢٤)، لەگەڵ هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ماڵەکەی و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای نزیکی دوو مانگ لە دەستبەسەرکرانی لە کۆتاییدا مانگی جۆزەردانی ئەم ساڵ بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی و تا کۆتایی هاتنی ماوەی دادگایەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.