سەقز؛ دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی بە بەکارهێنانی توندوتیژی و ساختەکاری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
حوسێن فیرووزی و هیوا فەیزی، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە کەڵکوەرگرتن لە ساختەکاری و توندوتیژی دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، هیوا فەیزی و حوسێن فیرووزی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "مەولاناوا"ی سەر بە زێویەی سەقز دەستبەسەر کراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە (١١ی سەرماوەز) ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز لە کردەوەیەکی نایاسایی و ساختەکاریدا پەیوەندیی لەگەڵ هیوا فەیزی گرتووە و بە هەواڵی ناڕاستی "پێدانی وام لە لایەن ناوەندی فەرماندارییەوە" ناوبراویان کێشاوەتەوە ئەو فەرمانگە و لە نێوان ڕێگاکەیدا دەستبەسەریان کردووە.
ماوەیەکی کورت دوای دەستبەسەرکرانی هیوا فەیزی، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی حوسێن فیرووزی لە ئەنجامی هەڵکوتانی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی لە گوندی مەولاناوا دەستبەسەر کراوە.
هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات وێڕای بەکارهێنانی توندوتیژی لە کاتی دەستبەسەرکرانی حوسێن فیرووزی، ماڵی ئەو هاووڵاتییەیان بە تەواوی پشکنیوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە، هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.