دەستبەسەرکرانی ئیبراهیم گوڵعەنبەر لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی جوانڕۆ

٦ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٢:٢٢

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٤

هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی ئیبراهیم گوڵعەنبەر، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە جادەی بێستوون_کرماشان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادییە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٢٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، ئیبراهیم گوڵعەنبەر، خەڵکی جوانڕۆ، لە ڕێگای گەڕانەوەی لە تاران بۆ جوانڕۆ، لە نزیکی بێستوون لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە لەگەڵ هاوژینەکەی لە کاتی گەڕانەوەیان لە تاران بۆ جوانڕۆ لە ناوچەی بێستوون، دەستبەسەر کراوە، بەڵام هاوژینی ناوبراو دەستبەسەر نەکراوە.

شایانی باسە کە، ئیبراهیم گوڵعەنبەر برای ئیسماعیل گوڵعەنبەر، لە گیانبەختکردوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە جوانڕۆیە. ئیسماعیل گوڵعەنبەر ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) دوای ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دوو گیانبەختکردووی بەرخۆدانی جەماوەریی جوانڕۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای نەبی ئەکرەمی کرماشان لە شەقامی بێهداری جوانڕۆ کوژرا.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە سەپێندراوەکان و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە