جوانڕۆ؛ دەستبەسەرکرانی دووبارەی خالید مەحموودی، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی

٢٩ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١١:٣٠

هەنگاو؛ شەممە ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

خالید مەحموودی، لاوی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی ڕوانسەر و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری جوانڕۆ دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٧ی مەی ٢٠٢٤)، خالید مەحموودی، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "شانڕەش" سەر بە شاری ڕوانسەر و دانیشتووی جوانڕۆ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و بەبێ نیشاندانی بەڵگەی دادوەری لە یەکێک لە شەقامەکانی جوانڕۆ دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

خالید مەحموودی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و لە ڕێکەوتی سێشەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان گواسترایەوە و دوای زیاتر لە چوار مانگ دەستبەسەربوون لە ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لەو بەندیخانەیە ئازاد کرابوو.

شایەنی باسە کە خالید مەحموودی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی بێبەش بوو و بە هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆن تۆمەتبار کرابوو. ئەو هاووڵاتییە هەروەها بە سەختی ئەشکەنجە درابوو و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی دژ بە خۆی کرا کە دواتر ئەو دانپێدانانە لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو کرابووەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە