سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی جیرۆفت جێبەجێ کرا
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٤
دوو بەندکراوی کورد و خەڵکی شارەکانی بانە و سەردەشت بە ناوەکانی سامان فەخری و ئەسعەد ئەمینی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندی شاری جیرۆفت سەر بە پارێزگای کرمان لەسێدارە دران.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی پێنجشەممە ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٢٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٤) سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی ئەسعەد ئەمینی تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی سەردەشت و سامان فەخری تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی بانە لە بەندیخانەی ناوەندی جیرۆفت جێبەجێ کرا. هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی سێشەممە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراونەتەوە.
ئەم دوو هاووڵاتییە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧٢١ ی کورد لە شاری جیرۆفت دەستبەسەر و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم دوو هاووڵاتییە تا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە لە میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەت میدیای نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەبووەتەوە.