بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی سۆران یووسفی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
هاووڵاتییەکیی کورد و خەڵکی بۆکان بە ناوی سۆران یووسفی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، سۆران یووسفی تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "سەلامەت"ی سەر بە شاری بۆکان لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.