دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی کورد لە شنۆ
هەنگاو؛ هەینی ٧ی بەفرانباری ٢٠٢٤
چوار هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شنۆ بە ناوی مراد عەبدووڵڵاعومەری، نوورەددین مەلاعەلیزادە، تۆفیق ئەمینی و محەممەد بێهروزی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێرەکانی سەرەتایی بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٢٦ی دیسەمبەری٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپاس پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هێرش بۆ سەر گوندی "هەق"ی شنۆ لانی کەم سێ هاووڵاتییان بە ناوەکانی مراد عەبدووڵڵاعومەری، نوورەددین مەلاعەلیزادە و تۆفیق ئەمینی دەستبەسەر کردووە،
هاوکات ئەو هێزە ئەمنییانە لە میراوای شنۆ هاووڵاتییەکی دیکەشیان بە ناوی محەممەد بێهروزی دەستبەسەر کردووە.
بە پێی سەرچاوەی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپا بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری هێرشیان بۆ سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییانە کردووە و توندووتیژییەوە دەستبەسەریان کردوون و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگاکانی ئورمیەیان ڕاگواستوون.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە هەڵبەستراوەکان و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.