پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی ئارام محەممەدی
هەنگاو؛ هەینی ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، ئارام محەممەدی خەڵکی گوندی "پەسوێ" سەر بە شاری پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٢٧ی دێسەمبەری ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هێرشکردنە سەر ماڵی ئارام محەممەدی لە گوندی "پەسوێ" نزیک لە شاری پیرانشار ناوبراو دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ هەبوونی هیچ بەرگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە ئارام محەممەدیان لەپێش چاوی دوو منداڵەکانی دەستبەسەرکردووە.
تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئارام محەممەدی لەبەر دەست نییە.