ژمارەی دەستبەسەرکراوانی پیرانشار بۆ چوار کەس بەرز بووەوە
هەنگاو؛ شەممە ٨ی بەفرانباری ٢٧٢٤
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد و بە دەستبەسەرکردنی سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی بێهزاد مەحموودی، سۆران مەحموودپوور و مووسا ڕەسووڵی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەو شارە بۆ چوار کەس بەرز بووەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو،، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤) ٢٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٤ (، هەر یەک لە بێهزاد مەحموودی، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی گوندی پەسوێ، مووسا ڕەسووڵی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی خورینج و سۆران مەحموودپوور تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی پیرانشار لە ئەنجامی هێرشی بەربڵاوی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر کراون.
هەنگاو پێشتریش هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئارام محەممەدی خەڵکی گوندی «پەسوێ» ی بڵاوکردبووە.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری ئەوم هاووڵاتییانەیان دەستبەسەرکردووە و ئەو هێزانە وێڕای پشکنینی ماڵەکانیان دەستیان بەسەر هەندێک کەرەستەی تاکەکەسیی ئەو چوار کەسە وەکوو مۆبایلەکانیان گرتووە.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵخراو و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە لە بەر دەستدا نییە.