دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شارەکانی سەردەشت و پیرانشار
هەنگاو؛ یەکشەممە ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٤
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە کوردستان، سێ هاووڵاتیی کوردی دیکە بە ناوەکانی خالید محەممەدییان، ئەمین بازیان و وەیسە غەفووری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی پیرانشار و سەردەشت دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شاری پیرانشار گەیشتە ٦ کەس.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٨ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٢٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، وەیسە غەفووری، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی پیرانشار و خالید محەممەدیان، خەڵکی گوندی "نستان"ی سەر بە شاری سەردەشت و دانیشتووی شاری ڕەبەت لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بە ئۆتۆمبێلی شەخسی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی خالید محەممەدیان و وێڕای دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە ماڵەکەیان پشکنیوە.
هەروەها و لە لایەکی دیکەوە، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٧ی بەفرانبار (٢٧ی دێسەمبەر)، ئەمین بازیان تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە دەستبەسەرکرانی وەیسە (سایکۆ) و ئەمین بازیان ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو لە پیرانشار گەیشتووەتە شەش کەس.
پێشتر هەنگاو هەواڵی دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ئارام محەممەدی، خەڵکی گوندی "پەسوێ"ی سەر بە شاری پیرانشار، بێهزاد مەحموودی، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "پەسوێ"، مووسا ڕەسووڵی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "خورینج" و سۆران محەممەدپوور تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی پیرانشار لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکانیانی ڕاگەیاندبوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو لە پیرانشار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەکارهێنانی توندوتیژی و پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییانە دەستبەسەریان کردوون و دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانی ئەو کەسانە وەکوو مۆبایلەکانیان داگرتووە.
بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییانە بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و بارودۆخیان تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەکان لە وەڵامدانەوە لەو بارەدا خۆ دەبوێرن.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.