مەهاباد، دەستبەسەرکرانی جەماڵ شێخەپوور و ئەفشین خەلیفەزادە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ یەکشەممە ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٤
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ئەفشین خەلیفەزادە و جەماڵ شێخەپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێرەکانی سەرەتایی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٤، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "قوم قەڵا"ی مەهاباد بە ناوەکانی جەماڵ شێخەپوور و ئەفشین خەلیفەزادە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، ئەو هێزانە بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری چوونەتە ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە و بە توندوتیژییەوە دەستبەسەریان کردوون.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کران، تۆمەتە هەڵبەستراوەکان و چارەنووسی ئەم کەسانە لەبەر دەستدا نییە.