درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد، سێ هاووڵاتی لە شنۆ دەستبەسەر کران

١٠ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٤:٣٢

هەنگاو؛ دووشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٤

ڕەحمان تابش و کوورش عەزیزی دوو بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی شنۆ لەگەڵ هێدی شادیخا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو لە مانگی دیسەمبەر تا ئێستا ٦٦ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئێران دەستبەسەر کراون.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٤ی سەر لە بەیانی دووشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٣٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، ڕەحمان تابش بەندکراوی سیاسیی پێشوو لە ماڵی بنەماڵەییان لە شنۆ، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا. هاوکات هێدی شادیخا خەڵکی گوندی سینگان لە ماڵی بنەماڵەیی خۆی دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات سەرەڕای دروستکردنی ترس و توندوتیژی لە دەستبەسەرکردنی ڕەحمان تابش و هێدی شادیخا ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییەیان پشکنیوە.

هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانبار، کوورش عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کراوە. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەرکردنی ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشووە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و پشکنیویانە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم سێ هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.

ڕەحمان تابش ساڵی ٢٧٢٠ دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی "ئەندامیەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای سێ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپیندرابوو. ناوبراو دوای تێپەڕاندنی ماوەیەک لە سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەکانی شنۆ و نەغەدە ئازاد کرا.

کوورش عەزیزی ساڵی ٢٧١٨ دەستبەسەر و دواتر بە هەمان تۆمەت سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە سێ ساڵی دەبوایە جێبەجێ کرابا. ناوبراو لە ڕێکەوتی ١ی بەفرانباری ٢٧١٩ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ گواسترایەوە و دواتر بە شێوەیەکی مەرجدار لە بەندیخانە ئازاد کرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە