درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە کوردستان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

١٠ بەفرانبار ٢٧٢٤، ٢١:٤١

هەنگاو؛ دووشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٤

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە کوردستان، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ڕەسووڵ پوورخزری، فایەق قادرزادە، فەردین نووری و فایەق ڕۆشدیان لە شارەکانی سەقز، مەهاباد و شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنی نادیار گواسترانەوە. بە هەژمارهێنانی ئەو چوار حاڵەتە، ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە شارە جیاوازەکانی کوردستان لە ماوەی مانگی دیسەمبەردا گەیشتە ٧٠ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٢٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، فایق قادرزادە، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هاوکات ڕەسووڵ پوورخزری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "سۆفیان"ی سەر بە شاری شنۆ کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا. بە هەژمارهێنانی ئەم حاڵەتە، ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە ماوەی یەک ڕۆژی ڕابردووی شاری شنۆ گەیشتە چوار کەس.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی بەفرانبار (٢٦ی دیسەمبەر)، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "خووردەلووکی" سەر بە ناوچەی سەر شیوی سەقز بە ناوەکانی فەردین نووری و فایەق ڕەشیدیان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بانە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو چوار هاووڵاتییە بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسیان تا ئێستا بێ‌ئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە