دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی دوو ئەندامی بنەماڵەیەک لە مەهاباد

١٢ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٤:٤٤

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٤

خالید بەکری و محەممەد بەکری، دوو برای خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارەدا دەستبەسەر کراون و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٣٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، محەممەد بەکری، تەمەن ٤٣ ساڵ و باوکی دوو منداڵ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی محەممەد بەکری لە چوارڕێیانی ئازادیی شاری مەهاباد، لە کاتی گەڕانەوەی ناوبراو بۆ ماڵەکەی ڕوویداوە.

شایانی باسە کە پێشتر، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانبار، خالید بەکری، تەمەن ٤٦ ساڵ و برای گەورەتری محەممەد بەکری لە ڕێگای نێوان مەهاباد بۆ سەردەشت لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە