سایینقەڵا؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکان
هەنگاو؛ شەممە ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری سایینقەڵا بەناوەکانی یوونس ڕەحمانی و ئیسماعیل بەهرامی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٣ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، ئیسماعیل بەهرامی، مامۆستای خەڵکی گوندی "قۆزلوو"ی سەر بە شاری سایینقەڵا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی هەمان گوند بەناوی یوونس ڕەحمانی، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لەو بارەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ دوو ئەو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.