مەریوان؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی کامیار نیکفەر
هەنگاو؛ شەممە ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
کامیار نیکفەر، هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەست نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٩ی جەنیوەری ٢٠٢٥)، کامیار نیکفەر، تەمەن ١٩ ساڵە و خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەم شارە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە بە تێپەڕبوونی یەک حەوتوو هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەست نییە.
بەوتەی سەرچاوەکی ئاگادار، کامیار نیکفەر، لە شەقامی دارسێران، بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراوە.
تاکوو داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەوە تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەست نییە.