کامێران؛ فەرزاد حەمیدی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا
هەنگاو؛ یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
هاووڵاتییەکیی کورد و خەڵکی کامێران بە ناوی فەرزاد حەمیدی لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنەکانی کوردستان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٥ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، فەرزاد حەمیدی، هاووڵاتی تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی کامێران لە ڕەوتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەییەکەی و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نزیک بە بیست کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات سەرەڕای ئەوەی کە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەیی فەرزاد حەمیدی و دەستبەسەریان کردووە هەوڵی شکاندنی کەلوپەلی ماڵەکەیان داوە و دەستیان بەسەر مۆبایلی ئەم هاووڵاتییەدا گرتووە.
شایانی باسە کە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.