نەغەدە؛ سەپاندنی سزای ١٨ مانگ بەندکران بەسەر سەلام ئازەری

١٥ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٨:٤١

هەنگاو؛ شەممە ١٥ی بەفرانباری ٢٧٢٤

سەلام (شاهین) ئازەری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری نەغەدە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ١٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا سەلام ئازەری، تەمەن ٤٢ ساڵ، باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی نەغەدە لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی سەجاد دووستی بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ١٢ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

سەلام ئازەری ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری نەغەدە دەستبەسەر کرابوو.

هەنگاو لەو بارەدا بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند کە دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و لە شوێنی کارەکەیدا بە بەکارهێنانی توندوتیژی ڕووی داوە و هێزە ئەمنییەکان ماڵی ناوبراویان بە تەواوی پشکنیوە.

ناوبراو لە ئاکامدا دوای ماوەیەک دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی ٢ ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە